Sunday, January 08, 2006

سه‌فه‌رێكی كوردستان و چه‌ند باسێكی خۆم


سه‌فه‌ره‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی كوردستانم سێ هه‌فته‌ی خایاندو زۆر جیاوازبووله‌ هه‌موو باره‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ره‌كانی پێشوومدا، پێش هه‌موو شتێك ئه‌مه‌وێ بۆتان باس بكه‌م كه‌چه‌ند دڵ خۆش بووم كاتێك فڕۆكه‌كه‌ نیشته‌وه‌ خۆم بینی كه‌ من ڕاسته‌وخۆ وا له‌ كوردستانم، چاوم به‌ملاو ئه‌ولای خۆمدا ئه‌گێڕا ته‌ماشام ئه‌كردهه‌مووی هاوزمانی خۆمه‌و به‌ كوردی قسه‌ ئه‌كه‌ن ووتم تۆ بڵێیت خه‌و نه‌بێت و ئێستا به‌ ده‌نگ و هاواری جه‌ندرمه‌یه‌كی توركی كه‌ هاوار بكات به‌سه‌رما وبه‌ ده‌مووچاوێكی گرژوتوڕه‌وه‌ پێم بڵێت له‌ كوێوه‌ هاتویت ؟ ئه‌چیت بۆ كوێ ؟ جانتاكانت بكه‌ره‌وه‌ با بیانپشكنم خه‌به‌رم نه‌بێته‌وه‌!!!! به‌ڵام پاش كه‌مێك خۆم دیه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ڕاست من وا له‌ شاری هه‌ولێری دێرینم !! ئه‌وه‌ منم بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ و ئه‌شكه‌نجه‌ خۆم ئه‌بینمه‌وه‌ له‌ كوردستان...؟،ئه‌وه‌ منم پاش چوار كاژیرله‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ هاتمه‌خاكی كوردستان و ئه‌و هه‌موو ڕێزه‌م لێ ئه‌گیرێت له‌لایه‌ن كارمه‌ندو فه‌رمانبه‌ره‌كانه‌وه‌ وه‌ به‌شێوه‌ێه‌كی زۆر جوان پێشوازیم لێ ئه‌كه‌ن..!؟ چیتر ئــازار نادرێم له‌لایه‌ن تورك و عه‌ره‌ب و فارسه‌وه‌و ناشكێنرێم ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ من كوردم به‌ناو خاكی ئه‌واندا ئه‌مه‌وێت بچمه‌وه‌ وڵاته‌كه‌م.. به‌ڕاستی له‌و ساته‌دا زۆر دڵ خۆش بووم هه‌ستم ئه‌كرد كه‌ منیش وه‌ك هه‌موو مرۆڤێكی ترخاوه‌ن وڵاتم،
سه‌رتان نه‌یه‌شێنم ڕاسته‌وخۆ كه‌وتمه‌ ڕێ به‌ره‌و شاره‌كه‌م شاری سلێمانی شاری منداڵی ویادگاره‌كانم ئه‌و شاره‌ی كه‌ 24 ساڵ تێیدا ژیام و وام زانی گه‌ر جێی بێڵم ئیتر خه‌م و ئـــازاره‌كانم ساڕێژ ئه‌بن ،به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌م بووبه‌ خه‌م و به‌رۆكی به‌رنه‌دام...له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا هه‌ستێكی خۆشم هه‌بوو كاتێك چاوم به‌ كه‌س و كاروهاوڕێكانم كه‌وت، ڕۆژانه‌م به‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ بازاڕوپیاسه‌كردنی شه‌ قاماكان به‌سه‌ر ئه‌برد،شه‌وانیشم به‌قسه‌ی خۆش و نه‌سته‌قی به‌ر ئــاگردان به‌ڕێ ئه‌كرد،، به‌ڵام هێنده‌ی نه‌خایاند له‌ هه‌فته‌ی دووهه‌مدا ڕوو به‌ ڕوی چه‌ن كێشه‌یه‌كی‌ خێزانی بوومه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌كدا..به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ ڕێگایه‌كم نه‌دۆزیه‌وه‌كه‌ تروسكاییه‌ك ڕوناكی تیا به‌دی بكه‌م وئه‌و ڕێگایه‌ هه‌ڵبژێرم، به‌ناچاری بڕیارێكی زۆر سه‌ختم دا.
هێشتا زامی هه‌فته‌ی دووهه‌مم ساڕێژ نه‌ببوو ، له‌ هه‌فته‌ی سێهه‌مدا كه‌سێكی ئازیزمان كۆچی دوایی كردو به‌شداری پرسه‌ گێڕان و ماته‌مینی بووم.. شه‌وانه‌ بێ فرمێسك ڕشتن سه‌رم له‌سه‌ر سه‌رین نه‌ئه‌كرد هه‌میشه‌ له‌بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵدا بووم تابه‌ره‌به‌یان...كاتێك پێم زانی كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م چه‌ن ڕۆژێكی دیكه‌ی ماوه‌و ئه‌بێت خۆم ئاماده‌بكه‌م بۆ گه‌ڕانه‌وه‌...به‌ دڵێكی شكاوه‌وه‌ ماڵئــاوایم له‌سلێمانی كردو به‌ره‌و هه‌ولێر كه‌وتمه‌ ڕێ و گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌نده‌ران ‌...ئه‌مه‌ش باسی سه‌فه‌ره‌كه‌ی كوردستانم بوو به‌ڵام ئه‌بێت كێ هه‌ست به‌م دڵه‌ شكاوه‌ی من بكات..........؟؟؟؟؟

Thursday, January 05, 2006

ته‌مه‌نی عه‌شق 05.01.02

ئه‌مڕۆ مۆمی چواره‌م ساڵی عه‌شقی ئێمه‌ دائه‌گیرسێ
به ئــاگری مۆمی عه‌شق سه‌دان ئاگر هه‌ڵئه‌ستێ
ته‌مه‌نی عه‌شقی من و تۆ واچوار ساڵ ڕۆی به‌بێ هۆشی
نه‌ من ساتێ حه‌زم دی لێت نه‌تۆش ساتێ لات بوو خۆشی
ئه‌مڕۆ مۆمی عه‌شقی ئێمه‌ هه‌ر ده‌سوتێ و ناكوژێته‌وه
سووتانی دڵ وه‌كو مۆمه‌ هه‌تا ئه‌به‌د نابڕێته‌وه‌
ئه‌مڕۆ عه‌شقی دڵی ئێمه‌ به‌ته‌مه‌ن عه‌شقێكی پیره‌
به‌ڵام پیری ئاخر شه‌ڕه‌ و هه‌رده‌م له‌ شادی یه‌خسیره‌

Monday, November 07, 2005

تۆ بڵێیت...؟؟

تۆ بڵێیت ئه‌وانیش هه‌ستیان وه‌ك هه‌ستی ئێمه‌ بێت...؟؟؟

دوا دیـــدار

په‌نجه ته‌زیوه‌كانم له‌ نێو په‌نجه‌كانی نا بوو بارانیش جه‌سته‌ی سڕمانی له‌ ئاوهه‌ڵكێشابوو هه‌نگاوه‌كانمان زۆر به‌ هێمنی ده نا، جار جاره‌ش به‌ تیله‌ی چاو ئه‌مانڕوانیه‌ یه‌كتر هه‌ر یه‌كه‌مان له‌ دڵی خۆیدا شتێكی ئه‌وت... تۆ بڵێیت ئه‌مه‌ دوا دیدار بێت..؟؟ تۆ بڵێيت جارێکی تر شه‌قامه‌كان هه‌نگاوه‌كانمان بگرێته‌‌ ئــامێز ؟؟ تۆ بڵێیت جارێكی تر هه‌ناسه‌م پڕكه‌م له‌ شنه‌ی عه‌تری لێوی و چاوم ببڕمه‌ چاوه‌ مه‌نگه‌كانی ؟؟ له‌و ساته‌دا لێكدانه‌وه‌ی هه‌ستم زۆر لاواز بوو پرسیاره‌كانم بێ وه‌ڵام بوو بۆیه‌ هێچم بۆ ناوتراو زارم بێ كه‌لام بوو.. به‌ڵام دڵم پێی وتم ئه‌مه‌ دوا دیداره... ئه‌مه‌ دوا دیداره‌... هه‌ر بۆیه‌ ڕوخسارمان گه‌لێ ماته‌مینی پێوه‌ دیار بوو كاتێك گه‌شتینه‌نزیكی ماڵه‌وه‌، به‌ هێمنی په‌نجه له‌رزۆكه‌كانم له‌ نێوان په‌نجه‌كانیدا هێنایه‌ ده‌ره‌وه به‌‌ نه‌رمه‌ هه‌نگاوێك لێی دوور كه‌وتمه‌وه‌ وجار جاره‌ش ئاوڕێكم لێ ئه‌دایه‌وه‌، ئه‌موویست هه‌نگاوه‌كانم زیاد بكه‌م به‌ڵام پێم نه‌بوو بڕۆم ئه‌تووت بزمارێكی ڕه‌قم و له‌دار كوتراوم ،له‌ ناكاو ئــاوڕیكم دایه‌وه‌و به‌ ڕاكردن چوومه‌وه‌لای ده‌ستم له‌ ملی كردو لێوم له‌سه‌ر لێوی دانا و هه‌ناسه‌مان تێكه‌ڵ یه‌ك كرد ڕیزێ دڵۆپی فرمێسك له‌چاوانمان ئه‌باری.. حه‌زم ئه‌كرد له‌و كاته‌دا ته‌نها بۆ یه‌ك چركه‌ گشت یاساوده‌ستوره‌كانی جیهان به‌ ده‌ست من بوایه‌ هه‌مووئه‌و بیرو بۆچونه‌ كۆنه‌ په‌رستیانه‌ پێشێل بكه‌م و بیان گۆڕم كه‌ من و ئه‌و و هه‌زارانی وه‌ك ئێمه‌ش تا ئێستا پێوه‌ی ئه‌ناڵێنین...بۆ جاری دووه‌م په‌نجه‌كانم له‌ نێوان په‌نجه‌كانی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و جه‌سته‌م له‌ جه‌سته‌ی جودا بۆوه‌و هه‌تا دوا ساتی له‌‌ چاو وونبوون ئاوڕمان بۆ یه‌ك ئه‌دایه‌وه‌...ئــه‌و ڕۆشت وله‌و كاته‌وه‌ چاوم پێی نه‌كه‌وتۆته‌وه كۆمه‌ڵێك ئازارو خه‌فه‌ت و ژانیشی بۆ من جێهێشت،‌ ته‌نها ئه‌وه‌ی فه‌رامۆشی به‌ دڵی من ئه‌دات وێنه‌كانێتی به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌یر كردنی هه‌ر وینه‌یه‌كی پێكی شادی و مه‌رگ ئه‌نۆشم وهێدی هێدی ئه‌تو‌ێمه‌وه.......ئــه‌و ڕاستگۆ بوو منیشی خۆش ئه‌ویست منیش شــه‌یدای ئه‌و بووم به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی لێك جودا كرده‌وه‌كه‌سه‌كانی ده‌وروبه‌ری بوون كه‌نه‌فام بوون كه بیرو بۆچونی كۆمه‌لایه‌تیان له‌ پله‌و پایه‌یه‌كی نزمدا بوو........بمرێ كۆنه‌ په‌رستی .......بمرێ عه‌شیره‌تچێتی......بمرێ ئه‌و كلتوره‌ كۆنه‌ نـــابه‌جێیه‌ی كه‌ به‌زۆر سه‌پێنراوه‌ به‌سه‌رمانداو ئه‌بێت ملكه‌چی بین.....!!! ‌‌

Wednesday, November 02, 2005

تـــــۆ......


ووشه‌ی ناسك نه‌ما له‌فه‌رهه‌نگا...
نه‌یكه‌م به‌ دیـــاری و بۆت نه‌نێرم
كاتێك ئه‌هاتیه‌ لام....
ده‌ست و په‌نجه‌م ئه‌كرده‌ شانه‌
تاكو پرچی لوولتی پێ دابێنم
ڕۆژانێ بوو تینوی لێوم
ئاوی لێوتی ئه‌خوارده‌وه‌
كه‌چی ئێستا له‌ یادێكا ماچه‌كانم
ئاوی دڵت ناخواته‌وه‌......!!‌
ڕۆژێ نه‌بوو هه‌زاران جار
خۆم نه‌كه‌مه‌ قوربانی تـــۆ....
هێنده‌ پیرۆز بووی له‌لام
سوێندم ئه‌خوارد به‌ چاوی تـــۆ...
شــه‌وێك نه‌بوو وه‌كو مۆمێك
نه‌توێمه‌وه‌ بۆ خه‌نده‌ی تـــۆ....
كه‌چی ئێستا وا به‌ته‌نهام
گوێ هه‌ڵده‌خه‌م بۆ ده‌نگی تـــۆ....
هه‌تــــا مردن چاوه‌ڕوانم
بۆ ســـــاتێكی بینینی تـــۆ
بۆ ســــاتێكی بینینی تــــۆ

Monday, October 31, 2005

ئــــــاخ ته مه ن

ئه‌وا ساڵێکی تريش له‌ته‌مه‌نـــم ڕۆی..كه‌چی دڵم وه‌ك خۆیه‌تی..ئه‌وا مۆمێكی تریشم له‌ته‌مه‌نم كوژانده‌وه‌ ئه‌مڕۆ ...كه‌چی خه‌ونه‌كانم هێشتا نه‌هاتۆته‌ دی...(من) ئه‌زانم ته‌مه‌ن ئه‌ڕواو نایه‌ته‌وه‌ ...به‌ڵام (تـــۆ) دڵ و گیانمی ...هه‌ر تۆم خۆش ئه‌وێت تـــــا ئه‌به‌دی........!!!

Friday, October 28, 2005

نيوه شــه و

كات ژمێر دووی شه‌و بوو هێشتا نه‌ نووستبوم ، ئه‌و شه‌وه‌ نازانم بۆ هه‌ر له‌ خۆمه‌وه‌ هه‌ستم به‌ ئازارو نامۆیی ئه‌كرد، نازانم بۆ خه‌و له‌ چاوم تۆرابوو بیری ئه‌وم ئه‌كرد؟؟ یاخود زامی یاده‌كانی بێ ئۆقره‌ و بێ خه‌وی كردبوم، ژوره‌كه‌م له‌به‌ر دوكه‌ڵی جگه‌ره په‌ نگی خواردبۆوه‌، به‌په‌له‌ هه‌ستام په‌نجه‌ره‌كه‌م كرده‌وه‌ تاكو دوكه‌له‌كه‌ پچێته‌‌ ده‌ره‌وه‌..كه‌مێك وه‌ستام ڕوانیمه‌ كووچه‌و شه‌قامه‌كان گڵۆپه‌ زه‌رده‌كان به‌ ئاسته‌م ده‌تروسكانه‌وه‌له‌ خشپه‌ی دار سنه‌وبه‌ره‌كان زیاتر گوێت له‌ ده‌نگی هیچی ترنه‌بوو..چاووم دیمه‌نی ئه‌و كچ و كوڕه‌ی ئه‌قۆسته‌وه‌ كه‌به‌ ئه‌سپایی به‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕین و ده‌ستیان له‌ده‌ستی یه‌ك نابوو، منیش له‌و ساته‌دا هه‌زارو یه‌ك خه‌یاڵ به‌به‌ر ده‌رگای ئیلهاممدا ڕاده‌بووردن باشه‌ من بۆچی وام لێهات ؟؟؟ تاوانی من بوو یان ئـــه‌و ؟؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر خۆشی ئه‌وویستم بۆ وای لێكردم ؟؟ ....تۆ بڵێیت ئێستا ئاگای له‌ دڵی من بێت تۆ بڵێیت ئه‌ویش وه‌ك من ئێستا خه‌و له‌ چاوانی تۆرابێت ؟؟؟
هه‌ر خۆشم به‌خۆمم ئه‌وت به‌خوا من بێ ئه‌قڵ و بێ ده‌ماخم ئێستا ئه‌و له‌شیرین خه‌ودایه كه‌ی ئـــاگای له‌ منه‌‌..به‌ هیمنی چووم ده‌رگای ژووری منداله‌كانم كرده‌وه‌ تا توانیم تێم ڕوانین ئه‌تووت په‌ری بچكۆله‌ن و له‌ ناو هه‌وری ئاسمانی شیندا نووستون،وه‌ك فیلمی سینه‌ما ئه‌و ڕۆژانه‌م هاته‌وه‌ پێش چاوكه‌ چۆن به‌ره‌بوونه‌ سه‌روپۆته‌ڵاكی باوكیان كاتێك له‌ ئیش ئه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵێ به‌ باوكه‌ باوكه‌ دوای ئه‌كه‌وتن،هه‌ر یه‌كه‌یان ئه‌یوویست باسی ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆ بكات كه‌ جۆن به‌سه‌ری بردوه‌..وه‌ك گۆمێكی مه‌نگم لێهات،جوڵه‌م نه‌كرد ترپه‌ی دڵم وورده‌ وورده‌ به‌ره‌و زیاد بوون ده‌رۆی،كه‌فی ده‌مم كۆمه‌ڵێك وشه‌ توڕه‌یان ده‌رده‌بڕی..خوا تۆڵه‌ی من و ئه‌و مناڵه‌ بێ باوكانه‌ت لێ بكاته‌وه‌ئاخر ئه‌وان تاوانیان چی بوو..؟؟؟ده‌رگاكه‌م داخستوو ژوره‌كه‌م جێهێشت و هاتمه‌وه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ ، فرمێسكی په‌شیمانی له‌ چاوانما قه‌تیس مابوو هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌م هاتنه‌وه‌ پێش چاوو كه چۆن یه‌كمان ناسی وبه‌شه‌رمه‌وه‌ پێم و‌وت (خۆشم ئه‌ووێیت)..داخه‌كه‌م خۆزگه‌ هه‌ر ئه‌وساته‌ پێم له‌دڵی خۆم ئه‌ناو ئه‌و ووشه‌یه‌م نادركان تا ئه‌م ڕۆژه‌ ڕه‌شه به‌چاوی خۆم نه‌بینم و خۆم ماڵ وێران نه‌كه‌م‌..‌ به‌درێژایی چوار ساڵ من خۆم خه‌ڵه‌‌تاند خۆشه‌ویستی ئه‌و وای لێكردم كه‌بیر له‌ هیچ شتێك نه‌كه‌مه‌وه‌...ئه‌وێكی بێ وه‌فــــا...،كه‌ بووه‌ گێژه‌ڵوكه‌و من و منداڵه‌كانمی له‌ناخی زه‌ویدا هه‌ڵكه‌نی..له‌ ناكاو شریخه‌ی هه‌وره‌ تریشقه‌ به‌ ئاگای هێنامه‌وه‌و بارانینیش نم نم ئه‌باری ئه‌ویش ئه‌گریا بۆ من و منیش بۆ ئــــه‌و.....!!! شه‌ماڵی بزێویش جار جاره‌ خۆی ئه‌كرد به‌مدیو په‌نجه‌ره‌كه‌دا و سه‌رو قژه‌تێك ئاڵاوه‌كه‌می بڵاو ئه‌كرده‌وه، ده‌ستێكم به‌چاوه‌ ته ڕه‌‌كانمدا هێناوفرمێسكه‌كانم سڕی، ئاخێكی قووڵم هه‌ڵكێشا و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ هاتمه‌ سه‌ر جێگاكه‌م وه‌ك هه‌موو شه‌وه‌كانی تر و لیی خه‌وتم.....

بیرت ئــــــه‌كه‌م


بیرت ئه‌كه‌م....تۆش یادێكی ئه‌وڕۆژانه‌ بكه‌ره‌وه‌.....كه‌به‌سه‌رمان برد له‌كه‌نار ده‌ریا پێكه‌وه‌ حه‌زم ئه‌كردئه‌وده‌ مانه‌ی له‌گه‌ڵ تۆبووم.....لێــم وون نه‌بی و ئه‌و ســـاتانه نه‌ بڕێته‌وه‌....

له‌ كــوێیت؟؟؟


له‌كوێیت ئێســتا.... تاوێ له ‌باوه‌شت گرم و له‌ باوه‌شم گری خه‌م و ئازاری ئه‌م دووریه له‌ ژوانێكدا بشكێنی..من ئه‌زانم ئه‌م جاره‌یان وه‌ك جاره‌كانی تر نیه‌ و نایه‌یته‌وه‌ ...، دڵ ڕه‌‌قانه‌ جێت‌ هێشتم وبۆ ســاتێكیش ئاوڕێكت له‌و ڕۆژانه‌ نه‌دایه‌وه‌

بۆ چی..؟؟


بۆچی ڕۆشتیت وا له‌ ناكاو
چــرای ئه‌شقت كوژاندمه‌وه‌

خۆ من ئومێدی ئه‌وین بووم
بـۆ جێت هێشتم به‌ ژانه‌وه